داوا لە کونسوڵی وڵاتان کرا بەشداری ئاوەدانکردنەوەی شنگال بکەن

داوا لە کونسوڵی وڵاتان کرا بەشداری ئاوەدانکردنەوەی شنگال بکەن

بە مەبەستی خستەڕووی بارودۆخی ئێستای شنگال و پێدوایستییە هەنووكەیی و درێژخایەنەكانی شنگال و گەیاندنی بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە رێگای نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و ئاژانس و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و بەمەبەستی بەشداریكردنییان لە پرۆسەی بونیادنانەوە و گێڕانەوەی ژیان بۆ شنگال و ناوچە ئازادكراوەكانی دیكەی ژێر دەستی داعش، فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و كونسوڵی وڵاتان لە شاری هەولێر ئەنجام دا.

لە كۆبوونەوەكەدا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فەلاح مستەفا، شنگالی بە شاری هیوا و خۆڕاگری پێناسە كرد و گوتی: "شنگال بووەتە هەڵەبجەیەكی دیكە لە مێژووی كورد دا و تەنیا بەهۆی كورد بوون و ئێزدی بوونەوە هەزاران قوربانییاندا و باشترین وەڵام بۆ تیرۆریستان ئەمڕۆ ئامادەبوونی ئێوەیە بۆ پشتگیریكردن و ئاوەدانكردنەوەی شنگال".

فەلاح مستەفا گوتیشی: "ئەوەی ئێمە بە یەكەوە دەبەستێتەوە بەها مرۆییەكانە كە هانمان دەدات هەوڵەكانمان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بخەینەگەڕ بۆ دووبارە بونیادنانەوەی شنگال كە لەلایەن تیرۆریستانەوە تاوانی جەنگ و جینۆسایدی بەرامبەر كراوە و بۆیە داوا لە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتی عەرەبی و ئەورووپا و ئاسیا و ئەمریكا و یەكێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین كە بەرنامەی كورت و درێژخایەنییان بۆ شنگال هەبێت".

لە كۆبوونەوەدا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەووەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سوپاسی بادن ڤوتمبێرگ لە كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵی كرد كە یاداشتانامەیەكی لێكتێگەیشتن لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم واژوو كردووە و تێدا بڕیاریداوە هاوكاری و چارەسەری بۆ زیاتر لە هەزار ئافرەت و منداڵ كە لە ساڵی 2015 رووبەڕووی كێشە و گرفتی دەروونی بوون لە ئەنجامی هێرش و دەستدرێژییەكانی داعش".

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوای لە وڵاتان كرد كە پشتگیری لە هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن لە دادگای تاوانەكانی نێودەوڵەتی یاخود لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دەركردنی بڕیارێك بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش".

دواتر وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كەریم شنگالی گوتەیەكی پێشكەش كرد و گوتی: "دەڤەری شنگال بە درێژایی مێژوو لەلایەن حكوومەتەكانی بەغداوە بە شێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو پشتگوێخراوە و بە هیچ شێوەیەك گرنگییان بەو دەڤەرە نەداوە، بەهۆی جیاوازی ئایینی و نەتەوەیی، هیچ پێشكەوتنێكیان لەم ناوچەیە نەكردووە، بۆیە دانیشتووانی ئەم ناوچەیە بێبەش كراون لە سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەكان".

دواتر وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەند داوایەكی ئاراستەی نوێنەر و كونسوڵی وڵاتان كرد و گوتی: "پێویستە هاوكاری دارایی و تەكنیكی تەرخان بكرێت بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان و ئەنجامدانی پشكنینی دی ئێن ئەی بۆ ناسینەوەی قوربانییەكان و بە دۆكیۆمێنتكردنی ئەم تاوانە".

لە کۆبوونەوەکەدا قایمقامی قەزای شنگال لە راپۆرتێكدا باسی لە مێژووی شنگال كرد و هاوكات بە وردی تیشكی خستە سەر دەرەنجامەكانی هێرشەكانی گرووپی تیرۆریستی داعش بۆسەر شنگال و باسی لە قوربانییەكانی ئەو تاوانانە كرد و داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە هەوڵەكانییان بخەنەگەڕ بۆ بونیادنانەوەی شنگال.

پاشان دەرگای گفتوگۆ بۆ دیپلۆماتكار و نوێنەرانی ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان كرایەوە و هەر یەك لای خۆیەوە هاوخەمی بۆ كارەساتی شنگال دەربڕی و جەختیان لەسەر ئەوە كردووە كە پەیام و داواكارییەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەگەیەنن بە حكوومەتەكانی خۆیان.

دوای تەواوبوونی كۆبوونەكەش قایمقامی قەزای شنگال مەحما خەلیل لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا تیشكی خستە ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە و گوتی: "لەم كۆبوونەوەیەدا داواكاری خۆمان بە كونسوڵی وڵاتان و نوێنەری ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان راگەیاند بۆ ئەوەی پشتیوانی لە بونیادنانەوەی شنگال بكەن و ژیان بگەڕێننەوە ئەو ناوچەیە".

لە بەشێكی دیكەی قسەكانی قایقمامی شنگال تیشكی خستەسەر تاوانەكانی داعش و گوتی: "ئەم كارەساتە بووە هۆی كۆمەڵكوژكردنی هەزار و 800 هاووڵاتیی ئێزدی و بە دیلگرتنی نزیكەی 6 هەزار و 255 كەسی ئێزدی و فرۆشتنی كچ و ئافرەتانی ئێزدی وەكو كۆیلەی سێكسی بە چەكدارانی داعش لە عێراق و سووریا و بێسەر و شوێنكردنی 500 هاووڵاتیی ئێزدی و مردنی 600 هاووڵاتی كە لە نێوانییاندا 200 منداڵ لە ئەنجامی برسیەتی و گەرما و بێ ئاوی لەسەر چیای شنگال بە هۆی گەمارۆی داعش".

جێی ئاماژەیە لەم كۆبوونەوەیەدا 26 كونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی بیانی و نێردەی دیپلۆماسی و چەندین ئاژانسی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بەشدار بوون.

بەرەبەیانی رۆژی 3/8/2014 چەكدارانی داعش پەلاماری قەزای شنگالییاندا و بەم هۆیەوەش قەزاكە كەوتە دەست چەكدارانی داعش. قەزای شنگال بە دووری 120 كیلۆمەتر دەكەوێتە خۆرئاوای مووسڵ.