ئێران له‌گه‌ڵ کۆتایی هێنان بە سایكس پیكۆدایه‌؟

جه‌بار قادر

نوسەر:جه‌بار قادر


به‌پێی هه‌واڵێكی سایتی سپی‌میدیا، دوای سەردانەکەی سه‌رۆك بارزانی بۆ عەرەبستان، وەفدێکی ئێران بە سەرۆکایەتیی مزگەریان، جێگری فەرماندەی قودس، بە نهێنی لەگەڵ سەرکردەکانی یەکێتیدا کۆ بووه‌ته‌وه و‌، بە زمانی هەڕەشە باسی سەفەرەکەی عەرەبستانی سەرۆک 'بارزانی'ـی لەگەڵیاندا كردووه‌. 

ئێران له‌گه‌ڵ کۆتایی هێنان بە سایكس پیكۆدایه‌؟

ئێران له‌و سه‌د ساڵەی ڕابردوودا سوودمه‌نترین ده‌وڵه‌ت بووه‌ له‌ جێبه‌جێكرانی نه‌خشه‌ی سایكس‌پیكۆدا، بۆیه‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات كه‌ ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ به‌م شێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌ و ناوچه‌كه‌ هیچ جۆره‌ گۆڕانكارییه‌كی به‌سه‌ردا نه‌یەت؛ ئه‌م سنوورانه‌ به ‌خوێنی میلله‌تان و به ‌پاڵپشتیی مادی و مه‌عنه‌وی خۆی ده‌پارێزێت و، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات كه‌ سه‌قامگیر بێت و ناوچەکە گۆڕانێکی وای بەسەردا نەیەت ‌به‌رژه‌وه‌ندیی كوردی تێدا بێت؛ بۆیه‌ ده‌یه‌وێت ناوماڵی كورد و هێزه‌ سیاسیه‌ نیشتمانپه‌روه‌ره‌كان دابه‌ش بكات و ناسه‌قامگیریی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له ‌ناوچه‌كه‌دا درووست بكات. ئاخر به‌ درێژای ئەو سه‌د ساڵەی ڕابردوو، وڵاتێك بووه‌ ‌كه‌ مافه‌ هەرە سەرەتاییەكانی مرۆڤ و ئازادی و بیركردنه‌وه‌ی دیموكراسیانه‌ی له ‌ناوخۆدا ده‌رفه‌ت پێ نه‌داوه‌. 

 

ئێستاکە دنیا له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌ له‌ نه‌خشه‌ی سایكس‌پیكۆدا، به ‌شێوازێك كه‌ هه‌رچۆنێك بێت دواجار كورد سوودمه‌ندی یه‌كه‌می ئەو گۆڕانە ده‌بێت، چونكه‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ و مامه‌ڵه‌ی درووستی كورد له‌سه‌ر ئه‌م دۆسیانه‌ به‌ شێوازێكی زۆر وردبینانه‌ و دووربینانه‌ بووه‌.

ئه‌وه‌ی پێویسته‌ بیڵێم:

یه‌كه‌م/ خۆزیا هیچ هێزێكی كوردستانی ده‌رفه‌ت نه‌دات ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌ره‌كی به ‌شێوه‌یه‌كی ناڕێكخراو درووست ببێت، چونكه‌ دواجار ئه‌م ده‌ستتێوه‌ردانانه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گشت كوردستانیاندا ناشكێته‌وه‌. به‌ تایبه‌ت سنووردانان بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ تا ئێستاش نایه‌نه‌وێت هیچ ده‌رفه‌تێكی نوێ به‌ چارەکردنی پرسی كورد بدرێت، ئیدی چ له‌ ناوخۆدا بێت چ لە پارچه‌كانی دیكه‌دا. 

 

گرینگه‌ و به‌رپرسیاره‌تییەکی مێژووییه‌ كه‌ هێزه‌ سیاسییه‌كان به‌ هه‌ستكردن به‌ لێپرسراویه‌تی نیشتمانییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م كه‌یسه‌دا بكه‌ن و، ده‌رفه‌تێك بۆ هیچ وڵاتێك نه‌ڕه‌خسێندرێت كه‌ بیه‌وێت ناوماڵی كوردستان دابه‌ش بكات.

 

دووه‌م/ كوردستان نابێته‌ به‌شێك له‌و شه‌ڕه‌ بلۆكبه‌ندییه‌ی ئێستای وڵاتانی جیهان و ناوچه‌كه‌ پیاده‌ی ده‌كه‌ن. به‌دڵنیایه‌وه‌ ئه‌و بلۆكبه‌ندییه‌ی ئێستای وڵاتانی ناوچه‌كه‌، بۆ ته‌سفیه‌ حیساباتی ڕابردوو و ئێستای نێوان خۆیانه‌. تاكه‌ شتێك كه‌ هه‌نگاوی بۆ ده‌ندرێت به‌رژه‌وه‌ندی گشتی هاووڵاتیانی كوردستانه‌؛ وەختی خۆی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ چاوپێكه‌وتنێكی كه‌ناڵی جه‌زیرەدا‌ ده‌ڵێ، له‌ ئێران و توركیا و، هیچ وڵاتێکی تریش قبووڵ ناكرێ ده‌ست وه‌ربده‌نه‌ كاروباروی ناوخۆی هه‌رێم و، له‌باره‌ی مه‌یلی سه‌رۆك 'بارزانی'ـیش له‌وه‌ی كه‌ ده‌گوترێ مه‌یلی بۆ توركیا زیاتر له‌ ئێران، سه‌رۆكی بارزانی ڕاشكاوه‌نه‌ گوتی من مه‌یلم بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌مه‌ و، مه‌یلم بۆ هیچ وڵاتێك نییه‌. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ سه‌رۆك بارزانی ده‌رفه‌تی دابه‌شبوون و خۆخستنە‌سه‌ر هیچ بلۆكبه‌ندییه‌ك نادات، به‌ڵام دواجار به‌رژه‌وه‌ندیی گشت نه‌ته‌وه‌ و نیشتمان و سه‌ربه‌خۆیی، یه‌كه‌م و ئاخر ئامانجی ده‌بێت. بۆیه‌ به‌رفراوان و دووربیركردنه‌وه‌ی ئه‌و له‌ پێناو ئامانجێكه‌ كه‌ گومانی تێدا نییه‌ و، ده‌بێت هه‌موومان له‌سه‌ری كۆك بین.

سێیه‌م/ پرۆسه‌ و كاركردن بۆ سه‌ربه‌خۆیی ناوه‌ستێت، بۆیه‌ گرینگه‌ كۆی هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان پشتیوان و هاریكاری بارزانی بن له‌ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ئامانجه‌ نیشتمانییه‌دا و، ڕێگه‌ به ‌هیچ وڵاتێك نه‌درێت كه‌ هیچ هێزێك بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی خۆی به‌كار بهێنێت، له‌ پێناو درزخستنه‌ ناوماڵی کورد و ئه‌و ئامانجه‌ گه‌وره‌ نیشتمانییه‌ی كه‌ چه‌ندین سه‌ده‌یه‌ خوێنی بۆ ده‌ڕێژین.