دەمیرتاش و لاڤرۆڤ هێرش دەکەنە سەر سیاسەتی تورکیا

دەمیرتاش و لاڤرۆڤ هێرش دەکەنە سەر سیاسەتی تورکیا

هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش لە مۆسکۆ لەلایەن وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگی لاڤرۆڤەوە پیشوازی لێ کرا و لاڤرۆڤ لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند: "ئامادەین پشتیوانی لە گرووپەکانی چەکداری کوردی سووریا بکەین"

لاڤرۆڤ و دەمیرتاش پێش ئەوەی دەست بە کۆبوونەوەی دووقۆڵی بکەن، روونکردەوەیان دایە رۆژنامەوانان. دەمیرتاش جەختی لەوە کردەوە لە قۆناغێکدا ئەم سەردانەیان ئەنجام داوە کە پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و تورکیا لە دۆخێکی زۆر هەستیارە و ئەوان زۆر گرنگی بە پەیوەندییەکانی مێژووییە نێوان ئەو دوو وڵاتە دەدەن. هەروەها باسی لەوە کرد ئەوان زۆر دڵتەنگن بە ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و مۆسکۆ، ئاماژەی بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆکەی جەنگیی رووسیا کە کایەی ئاسمانی تورکیای بەزاندبوو کرد و گوتی: "لەمبارەیەوە ئێمە ئەوەمان راگەیاند کە هەڵوێستی حکوومەت (تورکیا) هەڵە بووە. لەوانەیە کێشە لەنێوان وڵاتاندا بێتە ئاراوە، قەیران درووست ببێت. باسمان لەوە کرد کە پێویستە هەموو کاتێک کەناڵی دیپلۆماسی بەکراوەیی بهێڵرێنەوە و کێشەکان لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێن. لەم کاتەشەوە پێمان وایە پێویستە کە ئەو قەیرانە بەشێوەیەک کە زیان بە کۆمەڵگەی هەردوو وڵات نەگەیەنێت و کاریگەری لەسەریان نەبێت، تاوتوێ بکرێت. کۆمەڵگەی تورکیا و ئەو هاوڵاتییانەی لە تورکیا دەژین هیچ لێپرسراوێتییەکیان نییە لەم قەیرانەدا. پێمان وایە سیاسەتی دەرەوەی حکوومەتی تورکیا هەڵەیە". 

سێرگی لاڤرۆڤ بانگەشەی ئەوەی کرد کە هەدەپە خاوەنی پلاتفۆرمێکی سیاسییە کە نوێنەرایەتی هەموو کەمینەکان دەکات و ئەوان هەمیشە بەردەوام دەبن لە پشتیوانی ئەم هێڵە. ئاماژەی بەوەشکرد پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و تورکیا بە قۆناغێکی ناڕەحەتدا تێدەپەڕێت و لەوبارەیەوە پیشتریش بۆچوونی خۆیان راگەیاندووە و ئەو سیاسەتەی لە دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکە رووسییەکە گرتوویانەتەبەر گەلی تورکیای نەکردووەتە ئامانج و رایگەیاند: "دۆستایەتیمان لەگەڵ گەلی تورکیا رابردوویەکی چەندین ساڵەی هەیە. لەبوارەکانی کولتووری، کۆمەڵایەتی و ئابووریدا پەیوەندییەکانمان توندوتۆڵن و هیوادارم ئەم دۆستایەتییەمان لەداهاتووشدا بەردەوام بێت".

- داواکاری پشتیوانیکردنی گرووپەکانی سووریا 

لاڤرۆڤ باسی لەوە کرد لە کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ دەمیرتاش باسی دۆخی سووریا دەکەن و گوتی: "ئێمە زۆر باش ئەوە دەزانین کە کوردەکانی عێراق و سووریا لەسەر زەوی شەڕی داعش دەکەن. ئەوان هاوشانی سوپای عێراق و سووریا بەمەبەستی بەرگریکردن لە ماڵ و حاڵ و لە خاکیان و بۆ ئەوەی لە وڵاتەکەیان بژین، دەجەنگن. بەدڵنیاییەوە ئەمە مافێکی ئەوانە کە ناتوانن دەستبەرداری ببن. هەروەک چۆن مەسیحییەکان، ئێزدییەکان و کەمایەتییەکانی دیکە مافی مانەوە و ژیانیان لەسەر خاکی باب و باپیرانیان هەبێت، ئەوانیش هەمان مافیان هەیە. رووسیا لەو ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەدا کە لەسەر خواستی حکوومەتی سووریا ئەنجامی دەدات، ئامادەیە هاوکاری ئەوانە بکات کە لەسەر زەوی و لە گۆڕەپانی جەنگدا دژی تێرۆر دەجەنگن".

- زیاتربوونی هاوکاری نێوان رووسیا و پەیەدە لە سووریا 

ئەو نزیکبوونەوەیەی نێوان پەیەدە و رووسیا کە لە مانگی تشرینی یەکەمدا دەستی پێ کرد، لە شەڕی نێوخۆی سووریادا گۆڕاوە بۆ هاوکارییەکی توندوتۆڵ. رووسیا کە بەپشتیوانیکردنی بەشار ئەسەد ناسراوە، پەیەدە وەک هاوپەیمانێکی سرووشتی خۆی تەماشا دەکات چونکە لەگەڵ رژێمی سووریادا لە هاوکاریدایە. پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و پەیەدە لەدوای سەردانی کەسایەتییە ناسراوەکانی پارتەکە لە مانگەکانی رابردوودا بۆ مۆسکۆ و خستنەخوارەوەی ئەو فڕۆکە رووسییەی کایەی ئاسمانی تورکیای بەزاند، گەرم و گوڕی زیاتر بەخۆوە بینیوە. 

رووسیا و پەیەدە لە سووریا لە ژێر ناوی ''بەرەنگاربوونەوەی هاوبەشی داعش'' دەستیان بە هێرشی ئاسمانی و زەمینی هەماهەنگی بۆکراو بۆ سەر ناوچەکانی باکووری خۆرئاوای حەڵەب کە بەدەست هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی میانڕەوەوەیە، کردووە. هەواڵی ئەوە بڵاو بوویەوە کە سوپای رووسیا لە ناوچەی شێخ مەقسوودی باکووری حەڵەب پێنج تۆن چەک و تەقەمەنی بۆ پەیەدە فڕێداوەتە خواەرەوە.