بۆچی حدکا ناتوانێت ستراتیژی خۆی بگۆرێت؟

Afshin Ismaeli

Afshin Ismaeli


هانتینگۆن لە شیکردنەوەی باسێک لەسەر پارادایم ئاماژە بەوە دەکات کە ستراتیژییەکی جیدی پێویستی بە چەندین فاکتەری وەکو تیۆری، چەمک، مۆدێل و پارادیمە. بەبێ بوونی ئەم بنەما عەقلانییە سەرلێشێواوی درووست دەبێت.

ئەگەر بێتو ئەم بانگەشانەی ئەم دواییەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕی چەکداری و دروستکردنی ستراتیژییەکی چەکداری بخەینە ئەم چوارچێوەیەوەیە هەندێک فاکتی لۆژیکیمان بۆ رووندەبێتەوە کە مەودا، بارستایی و کێشەکانی بەردەم ئەم بزووتنەوەیە و بزووتنەوەکانی تری هاوشێوەی کە هەوڵ بۆ گۆرانی پارادایمیک دەدەن، دیاری دەکات.  لەوانەشە وەڵامی ئەم پرسیارەشمان دەست كەوێت کە ئایا گۆڕانی ستراتیژی سەربازی کە حیزبی دێموکرات بانگەشەی بۆ دەکات سەرکەوتوو دەبێت یا نا.

 
بۆچی حدکا ناتوانێت ستراتیژی خۆی بگۆرێت؟

رێبەرایەتی کردنی هەر بزووتنەوەیەک، جگە لە ستراتیژییەکی میدیایی بەهێز ( مەبەست لێرەدا پروپاگەندەیە، چونکە ئەرکی سەر شانی میدیای حیزبی پروپاگەندەیە بۆ حیزبەکەی و هەوڵ دەدات گەڵ بەلایەنی ئەرێنی و دوژمن بەشێوەیەکی نەرێنی بکاتە ئامانج)، رێکخستنی سیاسی بەهێز، پلان و داهێنانی سەربازی و ئابووری  تۆکمە پێویستی بە باوەڕ و ئەجێندایەکی بەهێز و رێبەرێکی بەتوانا و ژیر هەیە کە بتوانێت کۆی گشتی ئەم فاکتەرانە پراکتیزە بکات. چونکە ئەوە باوەڕ و بەرنامەیەکی بەهێزە کە دەتوانێت دەستکەوتەکان بپارێزێت و کاریگەرییەکی ئەرێنی بخاتە سەر رای گشتییەوە

دووبارە بنیادنانەوەی ئەو بزووتنەوەیەش پێویستی بەخۆناسینێک هەیە، زەروورەتێکە بۆ روونکردنەوەی ئەوەی کە بزووتنەوەکە لە کوێ یە و  لەوانەیە بۆ کوێ بچێت. حیزبی دێموکراتیش تاکو ئێستاکە نەیتوانیوە هەنگاوێکی سەرەکی  بۆ نوێکردنەوە هەڵبێنێت و پێناسەی نوێ بۆ چەمک، ستاندار و بەهاکان دياريبكات ، هەندێک لەم چەمک و بەهایانە پەیوەستن بە خەباتی سالانی پێشوو و لە سەردەمی ئیستادا ناتوانێت بۆ نەوەی نوێ مانابەخش بێت و یا تەنانەت ئەگەر بۆ بەشێک لە کۆمەڵگا مانادار بێت ناتوانێت پێشرەوی هزر و بۆچوونی نەتەوەیەک بە ئەستۆوە بگرێت. هێنانە ئارای چەمکی نوێ و بەپێز بۆ  هەر گۆرانێکی پارادایمییکی مانا بە ستراتیژی و تاکتیکەکان دەبەخشێت و لایەنگرانی ئەم رێبازەش دەتوانین خۆیان لەم چوارچێوەیەدا پێناسە بکەن.

لەگەڵ ئەوەشدا حدکا دەبێ دان بەوەشدا بنێین کە مەودایەکی زۆر لەنێوان هەوڵەکان لە پێناو دووبارە ئافراندنەوە و بەدەستەوەگرتنی رێبەرایەتی موتلەقی بزووتنەوە و شۆرش دا هەیە. بزووتنەوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ماوەیەکی زۆرە لە مەیدان و بڕیاردان چوونەتەدەر و لەم ماوەیەدا بیرۆکە، هزر و ئایدۆلۆژیای تر لەوانەیە رێبەرایەتیان بەدەستەوە گرتبێت. هەروەها لەم ماوەیەدا ئەم هێزانە توانیویانە دەستکەوتێکی زۆریان بۆ خۆیان هەبێت و ئەجێندای خۆیان بەسەر بەشێک لەم کۆمەڵگایەدا زاڵ بکەن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کە مەودای نێوان هەوڵەکان بۆ دووبارە ئافراندنەوە تاکو بەدەستەوە گرتنەوەی رێبەرایەتی زۆرە، بزووتنەوەکە ناچارە  دووبارەی خۆی درووستبکاتەوە و ئەمەش بە یەکەم هەنگاو دادەنرێت.  

بەربەستێکی بەردەم ئەم خۆبنیاندنانەوەیە لاوازی تیۆری و دەستەواژەکانی پەیوندیدارە  کە لەلایەن رێبەرایەتی ئەو حیزبەوە  شیکردنەوەی  بۆ بکرێت، ئاراستەی کۆمەڵگا بکرێت و دواتر وەکو پارادایمێک پەسەند بکرێن. دکتور قاسملو تەنیا کەسێک بوو کە توانیبووی راڤەی تیۆرییە سیاسییە جیاوازەکان بکات و  بیکات بە بەرنامە و دۆکترین بۆ حیزبەکەی لە سەردەمی پێش شەری سارد دا. دۆکترینی قاسملوو کە بەداخەوە بەهۆی شەهیدبوونییەوە هەلی تەواوکردنی پێ نەدرا پێویستی بە تەکمیل کردن و هەروەها پێداچوونەوە، نوێکردنەوە و گونجاندن لەگەلڕ سیاسەتی رۆژ و نێودەوڵەتی هەبوو.  بەربەستەکانی بەردەم حیزبی دێموکرات ئەو کاتە زەق دەبێتەوە کە رێبەرانی دوای قاسملوو  توانای خۆنوێکردنەوە و دەربازبوون لە زەهنیەتی زاڵ بوو کە دەتوانرێت بە زهنییەتی سەرمایەداری ناوزەدبکرێت کە باڵی بەسەر حیزبەکەدا کێشاوەیان نەبوو و دەتوانین بڵێین کە کەوتووبوونه داوی ئەم زهنییەتەوە. بۆ دەربازبوون لەم قالبە زهنییە بەسەردا سەپاوە پێویستە بیرۆکەی نوێ لەلایەن رێبەری کاریزماتیکەوە پێشنیار بکرێت. ئەم  تیۆری و دەستەواژانە لەوانەیە شانسێکی تر بە شۆرش ببەخشێت کە لە شێوازی ژیان و زهنیەتێک کە هاتووەتە ئاراوە دەربازی بکات.

 حیزبەکە پێویستی بە تیۆریسییەن نییە بۆ ئەوەی خۆی بە گریمانەکانەوە خەریک بکات بەڵکو دەبێ ریبەری تیۆریدارێژ گریمانەکان بکات بە واقعی ژیان، رێباز و بەرنامەی ئەو حیزبەوە. تێروانین و بیرۆکەیەک کە بەبێ وەستان لە گرووپێکی دینامیکدا بەرجەستە بکرێت و ئەو گرووپە دینامیکییەش هاوکات ئاوێنە و رەنگدەرەوەی درووست لە تێروانینی حیزبی بێت.

تیۆری و پارادیمەکان زەروورەتێکی هزری و چالاکی مرۆڤەکانن بەشێوەیەکی روون هەڵسوکەوت و ئاراستەی مرۆڤە شۆرشگێرەکان دیاری دەکەن.

ئەوەی لێرەدا دووبارە جێ سەرنجە کە لە شۆرش و یاخیبوونەکەدا کێ  تیۆری و پارادایمەکان دیاری دەکات، کێ رێبەرایەتی شۆرشەکە دەکات و کێ بڕیارە  بنەڕەتییەکان پەسەند دەکات.

لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دا بەگشتی و حدکا بەتایبەتی بۆشاییەکی گەورەی رێبەری کاریزماتیک، شۆرشگێر و سیاسەتدارێژ دەبینرێت کە بتوانیًت  رێبەرایەتی و بەرێوەبەرایەتی شۆرشەکە بکات. رێبەر لە بزووتنەوەیەکی شۆرشیگێریدا تاکێکە کە شارەزایی لە هونەری بەرێوەبەردن، زانستی سیاسی، ئابووری، سەربازی و لە کۆتاییدا بەلاغەت بێت. رێبەری شۆرشگێر کەسێکە کە نۆرمەکان تێکبشکێنێت و بتوانێت دۆکترین سەربازی، تیۆری، مێژوو و ئەزموون بەیەکەوە گرێ بدات و بیروبۆچوونێکی نوێ و کاریگەر و سەرنجراکێش بخولقێنێت.  ئەو دەبێت کەسێک بێت کە هەروەک چۆن ماکس ڤێبەر دەلێت بۆ سیاسەت بژیت ( هاوشێوەی رێبەرانی شەهید) نەک لەسەر سیاسەت بژیت.

حیزبی دێموکرات پێویستی بە رێبەرێکە کە هەم لە بواری تیۆری و هەم لە پراکتیکدا توانای نوێکردنەوە و بەهێزکردنی ماهییەتی ئەم میراتە بەهادارەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانی هەبێت  و هاوکات لەگەلڕ ئەمەش نورم و بەهای نوێ بەبەراود لەگەلڕ ئەوەی ئێستاکە شۆرشگێرانی کوردستان لەگەڵی ئاشنان و هەروەها ئەجێندای رەسەن و شۆرشگێرانە و هاوکات واقیعی بە شۆرش و نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بناسێنێت.

بەم شێوەیە ئەوە رێبەرێکی هۆشیارە کە دەتوانێت بە پشت بەستن بەو فاکتەرانەی کە لەسەرەوە  باسیان لێوەکراوە شۆرش لە کوردستان لە شۆرشێکی سیاسییەوە بەرەو شۆرشێکی هزری و نەتەوەییەوە  پەلکێش بکات. جەنگی کورد لە گەڵ  کۆماری ئیسلامی زۆرتر جەنگێکی نەتەوەیی و باوەڕییە تاکو سیاسی: جەنگێکە لەنێوان نەتەوەیەکی چەوساوە و داگیرکەر دا و یا خود عەقلانییەت و کۆنەپەرەستیدا

هەر جۆرە هەولێکی حیزبی دێموکرات بۆ گۆرینی ستراتیژی چەکداری بەبێ  رێبەرێکی کاریزاماتیک و شارەزا و بەبێ دروستکردنی باوەڕ و رێبازێک و گونجاندنیان لە  چوارچێوەی پارادیمێکی زاڵ دا   ناتوانێت سەرکەوتوو بێت. لە هەمان کاتیشدا ئەم حەرەکەتە ناتوانێت پەڵ بهاوێت و گەورە ببێت چونکە رەگ و ریشەیەکی بەهێزی نییە و نابێتە هۆی خوڵقاندنی هێزی پشتیوانی، جووڵەپێکردنی خەڵک و ئەندامگیری و راکێشانی لاوان بەرە و ریزەکانی خۆیدا. و هاوشێوەی پرۆژە پێشکەشکراوەکانی تر لە سووچەکاندا فەرامۆش دەکرێت