ئاوڕێک لە 70 ساڵ

    مەجید حەقی

مەجید حەقی


 

بەشی یەکەم

سەرەتا

حەفتا ساڵ بەسەر دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان (حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران) تێپەر دەبێت. حەفتا ساڵ لە کۆنتێستی رۆژهەڵاتی ناوەراست و خاسمایی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بە واتای حەوت نەوەی جۆراوجۆرە، حەوت بایەخ ، بەها و حەوت گۆڕانی بنەڕەتیە. دوای حەفتا ساڵ لە دامەزراندنی حیزبی دێموکرات تەنیا دەستکەوتی خەباتی نەتەوایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان یازدە مانگ کۆماری کوردستان بووە. بەدوای ئەودا ئامانجەکان سەرەرای گەشەسەندنی هەست نەتەوایەتی و پەرەسەندنی بزاڤی مەدەنی دوورتر دێنە بەرچاو. حیزبی دێموکراتی کوردستان بە یەکگرتوویی دامەزرا و بە دوو تەشکیلاتی جیاواز و ناوی هاوشێوەوە بەرەو یادی دامەزراندنی خۆی دەڕوات.

دوای حەفتا ساڵ بۆچی خەباتی نەتەوایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا نەیتوانیوە بە سەرەتاییترین ئامانجەکانی خۆی بگات؟ بۆچی نەوە لە دوای نەوە ئەزموونەکانی رابردوو تاقی دەکاتەوە؟ بۆچی دوای حەفتا ساڵ جارێش هەروا رۆڵەکانی نەتەوەی کورد دەبێ ببنە قوربانی بۆ گەیشتن بە سەرەتایترین مافە مرۆڤی و نەتەوەییەکانی خۆیان؟ 

ئاوڕێک لە 70 ساڵ

 

وەک کەسێک کە لە تەمەنی دوانزدە - سێزدە ساڵیمەوە پێوەندیم بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە هەبووە و وەک تاکێکی کورد بە ئەرکی خۆمی دەزانم بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارانە بگەڕیم. داهاتوو بە بێ بینینی رابردوو دانامەزرێت، بەڵام پێداچوونەوە بە رابردوو ناتوانیت ئەنجامێکی ئەوتۆی هەبێت گەر تێکەڵ بە بیری ستراتژیک و داهێنان بۆ داهاتوو نەبێت.

دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە 25ی گەلاوێژی 1945دا، بە یەکێک لە گرینگترین رووداوەکانی سەدەی رابردوو لە بزاڤی نەتەوایەتی گەلی کورد هەژمار دەکرێت. هەر زوو دوای دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کۆماری کوردستان بە رێبەری پێشەوا قازی محەمەد دامەزرا. کۆمارێک کە سەرەرای ئەوەی تەنیا یازدە مانگی خایاند، نە تەنها بوو بە هۆی ئاڵوگۆرێکی قووڵ لە ناو بزاڤی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڵکوو بوو بە بنەمای فیکری و هەوێنی ناسنامەی نەتەوایەتی لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش. سەرەرای ئەمە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە ناو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا ئەو کۆمارە و بنەماکانی بەهێزکەری ناسنامەی نەتەوایەتی هەڵکەوتوو لە کۆماردا زۆر بە کەمی سەرنجی پێدراوە و فەلسەفەی وجوودی خەباتی نەتەوایەتی لەو بەشەی کوردستان وەک پەراوێزێک لە ئالوگۆرەکانی سیاسی ئێران بچووک کراوە. لەم نوسینەدا هەوڵی ئێمە ئەوەیە لە روانگە جۆراوجۆرەکانەوە پێگە و رەوشی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بخەینە بەر باس. ئامانجی ئێمە ناساندنی بنەما فیکری و فەلسەفییەکانی حیزبی دێموکراتە بە نەوەی ئێستا و داهاتوو و پێشنیاری داڕشتنەوەی حیزبی دێموکرات لە بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی رابردوو و لە سەر بنەمای پێویستیەکانی ئەمرۆی کۆمەڵگای کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان.

پێناسەیەک لە تایبەتمەندی بزاڤی نەتەوایەتی

لە نووسینی ئەم وتارەدا  ئامانج ئەوەیە وەڵامی  پرسیارێکی گرینگ بدرێتەوە؟ فەلسەفەی پێکهاتنی حیزبی دێموکراتی کوردستان چی بوو؟ وەڵام دانەوە بەو پرسیارە دەبێتە یاریدەری ناسینی فەلسەفەی بزاڤی نەتەوایەتی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە حەفتا ساڵی رابردوودا و ئەمەش ئاستی زانیاری و تێگەیشتنی گشتی ئەندامانی کۆمەڵگا و هۆگرانی بزاڤی نەتەوایەتی لەو پێوەندییەدا بەرزتر دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی نەوەی نوێ بتوانێت بەلەبەرچاوگرتنی ئەزموونەکانی رابردوو خۆی لە هەڵە ئەنجام دراوەکان بپارێزێت، تاکوو سەرکەوتنەکانی بکاتە ئەزموون بۆ سەرکەوتنی نوێ.

کوردستان ناوچەیەکی چەوساوەیە. هەڵسوکەوتی دەسەڵاتداران لە گەڵ خەڵکی کوردستان هەڵسوکەوتی داگیرکەر لە گەڵ داگیرکراو بووە. کوردبوون تەنیا ناوی کوردی، جلوبەرگ و کولتووری رەنگین و دەوڵەمەند نیە. کوردبوون واتا پێناسەیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئابووری کە مرۆڤی کورد لە کوردستان پێوە دەناسێنرێت . ئێمە بۆ ئەوەی رەفتار و هەڵسوکەوتی ئەمرۆمان بزانین پێویستە رابردووی خۆمان بناسین. بەرزبوونەوەی ئاستی وشیاری سیاسی دەبێتە هۆی ناسینی مافەکانمان و بە پێی ئەو خەباتی سیاسی دەبێتە بەشێک لە پێویستی کۆمەڵایەتی، تاکەکەسی و کولتووری مرۆڤی کورد بۆ بەدەست هێنانی ناسنامەی مرۆیی خۆی.

سێ نووسەری بواری زانستی سیاسی بەناوەکانی "گابریەل ئەڵمۆند"، "پاول جوونیوور" و "رابرت جی" لە کتێبی خۆیداندا لەو پێوەندیەدا دەڵێن: ئەو کەسانەی کە ئاگاداری سیاسیان بەرزە، ئاستی داخوازە سیاسیەکانیانیشیان بەرزتر دەبێت و پشتیوانی لە رێبەرانی سیاسی خۆیان دەکەن بۆ ئەوەی بە شێوەی هاوبەش ئامانجەکانی خۆیان بەدەست بێنن. کەوابوو کوردبوون و ئەندامی کۆمەڵگا بوون ئەوەمان لی دەخوازێت کە تەنیا کەسانێکی "پاسیڤ" و بێ لایەن نەبین. بەلکوو ببینە کەسانێکی "چالاک" و "شوێندانەر" لە ناو کۆمەڵگدا. پرسیار لێرەدا ئەمەیە کە چ  بگۆڕ (متغییر)ێک پێکهێنەری سیاسەت ، هێز و بە گشتی پێوەندی نێوان خەڵک و رێکخراوەکانی کوردستانە؟ داخوا جگە لە دیاردەی خەبات لە پێناو بەدەست هێنانی مافی نەتەوایەتی و مافەکانی مرۆڤی شتێکی دیکە دەتوانێت ببێت؟ بەو واتایە کە پرسی نەتەوایەتی لە کوردستان شوێندانەرە لە سەر هەموو رەهەندەکانی ژیانی خەڵکی کورد. بۆیە لە کوردستاندا هیچ بەشێکی ژیان نادۆزرێتەوە کە پرسی نەتەوایەتی کاری تێ نەکردبێت و لە ژێر باندۆری خەباتی نەتەوایەتی نەبووبێت. بۆیە ناسینی جۆڵانەوەی نەتەوایەتی و قووڵبوون لە ئەزموونەکانی ئەرکێکی هەنۆکەیی و سەرمایەگوزاری بۆ نەوەکانی داهاتووە، بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو ناچار نەبن باجی هەڵەکانی رابردوو بدەن.

ناسینی و لێکدانەوەی رووداوە سیاسیەکانی ناو کۆمەڵگا لە ناسینی رەوتە فیکری و سیاسییەکانەوە دەست پێ دەکات. بزاڤە سیاسیەکان لە جێدا خاوەنی هیچ ئایدیۆلۆژی و رێکخستنێکی تایبەت نین، بەڵکوو دیاردەیەکە کە لە زانستی کۆمەڵناسی سیاسی دا بنیاتنەری هزری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ژێنگەدا. لە مێژووی کوردستاندا زۆر رێکخراو و جۆڵانەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەریان هەڵداوە، بەڵام بە تەنیا رێکخراوێک، کە بیروباوەر و بنەماکانی سیاسی و ئەخڵاقی توانیبێت حەفتا ساڵ درێژە بكێشێت و باوەری مۆدێرنی خەباتی نەتەوایەتی لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا گەشە بکات و چەندین رێکخراوی دیکە لەسەر بنەمای سیاسی و هزری دامەزرێن، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو.

بۆ ناسینی دیاردەیەکی سیاسی - کۆمەڵایەتی، ناسینی رەوتی مێژوویی و سەردەمی  ئەو جۆڵانەوەیە جێگای سەرنجە. هەر جۆڵانەوەیەکی سیاسی دیاردەیەکی مێژوویی و سیاسیە کە لە قۆناغێکی دیاری کراودا  سەر هەڵدەدات و و بە شێوەیەکی درێژماوە یان کورت ماوە بەردەوام دەبێت و بە کۆتایی دەگات.  پێداگری لەسەر بەردەوامی رەوتی بزاڤەکە تەنیا بە هۆی رووداوە مێژووییەکانەوە نیە بەڵکوو بە هۆی ناوەرۆکی بزاڤ و جۆڵانەوەی نەتەوایەتی لە کوردستاندایە. جۆڵانەوەکان لە رووی ژمارەوە خاوەنی ئاستی جۆراوجۆرن. دەکرێ وردە رێکخراوی دیکە لە ناو جۆلانەوەدا سەر هەڵبدەن و جیابوونەوە و لێکدابڕانەکانی ناو حیزبی دیموکرات لە درێژەی مێژوودا دەکرێ لەو روانگەیەشەوە بیندرێن. جۆڵانەوە سیاسیەکان رۆلێکی گرینگیان هەیە لە  هاتنە کاییەی گۆرانکاریە سیاسی  - کۆمەڵایەتییەکان هەیە گەر خاوەنی ستراتێژیەکی روون و دیاری کراوی سیاسی و کۆمەڵایەتی بن و خاوەنی ڕێبەرایەتی گۆڕانخواز و ئاسۆ بین بێت. ئامانجی کۆتایی جۆڵانەوەی نەتەوایەتی بەدەست هێنانی مافە نەتەوایەتییەکان و لە رێگای دەسەڵاتی سیاسیەوە بەجێ گەیاندنی ئامانجە سیاسییەکان لە ناو کۆمەڵگادایە تا لەو رێگایەدا ستراتێژیەکۆمەڵایەتی و ئابووریەکانی پێوەندیدار بە ئاوەدان کردنەوەی وڵات جێبەجێ بکات.

پێوەندی نێوان دیاردەی کۆمەڵایەتی و جۆڵانەوەکان دەکرێ بە شێوەی خواروەوە کورت بکرێتەوە:

  • جۆڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی، بزاڤێکی کۆمەڵایەتیە کە لە ئاڵوگۆڕە مێژووییەکان سەرچاوە دەگرن. واتە پێوەندیان هەیە بە بزاڤە کۆمەلایەتیەکان کە لە سەردەمە جیاوازەکانی مێژوودا سەریان هەڵداوە.
  • جۆڵانەوەی ئەنجامی بزاڤە و سەرهەڵدانە کۆمەڵایەتیەکانی خاوەن پێشینە و ئامانجی دیاری کراون.
  • جۆڵانەوەی کۆمەڵایەتی پێوەندی بە جۆڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتیەوە هەیە کە خاوەنی ناوەندێکی رێبەری بێت.
  • جۆڵانەوەی کۆمەڵایەتی، بزاڤێکی کۆمەڵایەتیە کە خاوەنی سیمبۆل و هێمای تایبەت بە خۆیە.
  • جۆڵانەوەی کۆمەلایەتی بزاڤێکە کە خاوەن نفووزی کۆمەڵایەتی بێت و جێی لە ناو دڵی خەڵک دا کردبێتەوە.
  • جۆڵانەوەی کۆمەڵایەتی بزاڤێکە کە خاوەنی پێگەی ماددیە. پێگەی کۆمەڵایەتی، مەکۆیەکە کە هێماکانی جۆڵانەوە بەکار دەبەن. بۆ نموونە کەڵک وەرگرتن لە رەنگێکی تایبەتی لە بۆنەکاندا.
  •  

    بەگشتی مەبەست لەو باسە ئەوەیە تاکوو پێناسەی جیاوازی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بکرێت لەگەڵ ئەو حیزبانەی کە بەشێوەی ئاسایی و لە چوارچێوەی یاسای ولاتەکانیانەوە خەبات دەکەن بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و بەرەوپێش بردنی ئامانجە سیاسیەکانیان. حیزبی دێموکرات بە لەبەرچاوگرتنی مێژوو و جۆری خەباتی بەتایبەت دوای شۆرشی ساڵی 1979ی گەلانی ئێراندا، زۆرتر وەک جۆڵانەوەیەکی سیاسی – کۆمەڵایەتی رۆڵی نواندووە. لەو رووەوە پێوییستە حیزبێکی سیاسی وەک حیزبی دێموکرات لە سەر رۆڵی بایەخەکان و ئەو نۆرم و هۆیە نوێیانەی کە دەبنە هۆی گۆڕینی بنەماکانی بایەخ و بەهاکان، رۆڵی رێکخراو، رێکخستن و تۆرە پێوەندییەکان و درێژە و بەردەوامی ئەو وردتر بێتەوە و لە سەر بنەماکانی دانی زانیاری و گەشەکردنی ناسنامەی نەتەوایەتی قووڵتر کار بکات. "جۆڵانەوە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی سازماندراوە بە مەبەستی ئاڵوگۆر لە کۆمەڵگادا کە بتوانێت هاوکات بێت لە گەڵ بەرهەڵەستی کۆمەڵایەتی و بزاڤی گشتیەوە و خاوەنی رێبەریەکی رێکخراو و یەکگرتوو بێت لە ناوخۆی کۆمەڵگادا".  لەو پێناسەیەدا مژارەکانی وەک " رێکخستن"، بوونی "گوتاری سیاسی"، "رێبەری" و "ویستی ئاڵوگۆری کۆمەڵایەتی" و "ئامانجدار بوون"، گرینگیان پێدراوە. کاتێک گرووپێک دەسەڵاتی سیاسی نەکاتە ئامانجی خۆی و تەنیا چالاکییەکانی خۆی کورت بکاتەوە بە هەندێک بەرهەڵست و چالاکی کۆمەڵایەتی و نایەکسانی نەتەوایەتی، ئابووری و کۆمەڵایەتی بەرز بکاتەوە، تەنیا دەتوانێت لە چوارچێوەی جۆڵانەوەیەکی ناوچەییدا بمێنێتەوە.

    "گی رووشە" لە پەرتۆکی "ئاڵوگۆری کۆمەلایەتی"دا بزاڤی کۆمەڵایەتی بریتی دەزانێت لە رێکخراوێک کە بەتەواوی رێکخراو بێت، کە بەمەبەستی بەرگری یان بەرفراوان کردن و گەیشتن بە ئامانجێکی تایبەت دەستی کردبێت بە رێکخستن و پێکهێنانی رێکخراو و گرووپە جۆراوجۆرەکان و وەرگرتنی ئەندام. بە بڕوای "تام باتموور" لە پەرتۆکی "کۆمەڵناسی"دا: لە لێکدانەوەی کردەوەی سیاسی رێکخراو یان بزاڤێکی سیاسی دا دەبێ چالاکی رێکخراوەکە لە بەرچاو بگیرێت نەک کردەوەی کەسەکان .هەرچەند لەوانەیە جاری وایە پێویست بێت ئاستی نفووز و رادەی دەسەڵاتی کەسانی تایبەت لە ناو ریکخراودا لێکۆلینەوەی لەسەر بکرێت. هەنگاوی یەکەم لەو لێکدانەوەیەشدا لەبەرچاوگرتنی شێوەکانی جۆراجۆری گرووپە کۆمەڵایەتیەکان توێژینەوە لە سەر سیاسەت و ناوەرۆکی ئەو گرووپانەیە. لەو نووسینەشدا هەوڵی ئێمە ئەوە دەبێت لە باس کردن لە کەسان تا  ئەوجێگایەی کە مومکینە  خۆمان بپارێزین و باسی چالاکیەکانی حیزبی دێموکرات وەک رێکخراوێک لە هەموو پێکهاتەکانی بکرێت. بە گشتی کەسانێکی وەک هابرماس و ملوچی لەو بڕوایەدان کە ئامانجی جۆڵانەوەی سیاسی تێکدان و تێکشکاندنی سنوورەکانی سیستەمی کۆمەڵایەتی و ئاڵوگۆری بنەڕەتی دایە.

    جۆڵانەوە وێرای ئەو تایبەتمەندیانەی کە لەسەرەوە  ئاماژەیان پێکرا وەک بەرێکخراوبوون، بایەخەکان و هزر و وێکگەیشتنی هاوبەش خاوەنی تایبەتمەندیەکانی خوارەوەشە:

  • بوونی ئامانجی دیاری کراو، کە دەکرێ بەدەستی بێنن.
  • بوونی ناسنامەی هاوبەش، هزری ستراتژیکی هاوبەش، بوونی جیهانبینیەکی تا ئاستێک هاوبەش، یەکگرتوویی ریکخراوەیی و ئامانج دەبێتە هۆی شرۆڤەکردنی ئامانج و مەشرووعیەتی جۆڵانەوە بەهێزتر دەکات و چٶنیەتی گەیشتن بە دەسەڵات دیاری کرابێت.
  • بوونی رێبەرێکی گۆڕانخواز و کارامە کە لە لایەن زۆربەی هەرە زۆری ئەندامانی رێکخراوەکەوە پشتیوانی لێ بکرێت.
  • دژایەتی و بەرەنگاری رژێمی داگیرکەر کە سیاسەتی تواندنەوە و لە ناو بردنی نەتەوەی کوردی بەرێوە دەبات.
  • پێکهێنانی زەمینەی پێویست بۆ ئاڵوگۆرەکانی کۆمەڵایەتی.
  •  

    جۆڵانەوە کۆمەڵایەتیەکان چوار تایبەتمەندی هاوبەشیان هەیە:

  • بوونی دژایەتی لە نێوان دەسەڵاتداران و نەتەوە یان چینی ژێردەستە
  • بوونی گوتار یان ئایدیۆلۆژی و پەروەردە و دروشمگەلێک کە دەبێتە هۆی راکشانی لایەنگرانی جۆڵانەوە و لە ئەنجامی قبووڵ و پێشوازی کردن لەو گوتارەدا ناسنامە و هەستی هاوبەش لە ناو لایەنگرانی جۆڵانەوەدا گەشە دەکات
  • بوونی تۆرێکی بەرفراوانی پێوەندیەکان بە شێوەی نافەرمی لە نێوان کەسانی هاوبیر، دۆستان و لایەنگرانی جۆڵانەوە بە شێوەیەک کە دەزگاکانی سەرکوتکەری رژێمی ناوەندی توانای ئەوەی نیە لەناوی بەرێت.
  • هەگەری پێکهاتنی بەرهەڵستی گشتی لە هەلە جۆراوجۆرەکاندا. ئەمەش کاتێکە کە بنیاتەکانی دەوڵەتی ناوەندی لاواز بێت یا خود بە شێوەی کاتیش بێت هەلی خەباتی ئاشکرا و گشتی برەخسێت یا خود لە ئەنجامی لایەنگری خەڵک لە جۆڵانەوەکەدا بزاڤی خەڵک ئەوەندە بەهێز بێت کە دەوڵەت توانای سەرکەتی نەمێنێت.
  •  

    حیزب یان جۆڵانەوە

    لە لێکدانەوەی مێژووی دامەزراندن تا ئەمرۆ حیزبی دێموکرات دا تا ئەمرۆ وێکچوونی زۆر هەیە لە نێوان بزاڤی نەتەوایەتی لە گەڵ پێناسەی جۆڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا:

  • یەکەم تایبەتمەندی پێکهێنەر و هۆی دەسپێکی جۆڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی بوونی جیاوازی و ستەمی نەتەوایەتی، چینایەتی، ئابووری، جوغرافی، ئایینی، نەوەکانی پێکهێنەری کۆمەڵگا،  جیاوازی چاندی و فەرهەنگی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی تاراندا بوو. ئەو جیاوازی و ستەمانە بوو بەهۆی پێکهاتنی چەندین سەرهەڵدانی جۆراوجۆر لە شوێنە جیاوازەکانی ئێران لەوانە گیلان، شۆرشی سمکۆ لە کوردستان و سەرهەڵدانی بەختیاریەکان و هتد.
  • هۆیەکی دیکە بوونی بەرنامە و جیهانبینیەکی سیاسی بوو کە لە جێی خۆیدا بوو بە هۆی پێکهێنانی هەستی شۆرشگێرانە و یەکگرتوویی خەڵک لە سەردەمی پێکهێنانی کۆماری کوردستان و بەرگری چەکداری لە دەیەی 1980ی زایینی دا.
  • بوونی رێبەری کاریزماتیک یەکێکی دیکە بوو لەو هۆیانەی کە حیزبی دێموکرات لە رۆژی دامەزراندنی دا ببێتە جێی سەرنج و پشتیوانی کۆمەڵانی خەلکی کوردستان. پێشەوا قازی محەمەد وەک رێبەریکی کاریزماتیک و رێنیشاندەر رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە دامەزراندن، رێکخستن و بەرەوپێش بردنی حیزبی دێموکراتی کوردستان و راگەیاندنی کۆماری کوردستان.
  • بوونی نارەزایەتی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری یەکێکی دیکە لە هۆیەکانی پێکهێنانی جۆڵانەوەکان و شۆرشەکانن. حکوومەتی دیکتاتۆری پەهلەوی لە سەرەتای بەدەسەڵاتگەیشتنیەوە بۆ تەنبێی خەڵکی کورد دوای تێکچوونی شۆرشی سمکۆی شکاک دەستی کرد بە گەمارۆی ئابووری کوردستان بەوەش کوردستان وەک ستراتێژی دەوڵەتی ناوەندی بەدواکەوتوویی هێلرا.
  •  

    پرسیارێک کە لێرەدا پێویست بە لێ وەردبوونەوە دەکات ئەوەیە کە سەرەرای بوونی ئەو جیاوازیانە و تایبەتمەندیەکانی بە شۆرشبوون و جۆڵانەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، حیزبی دێموکرات بۆچی نەیتوانیوە ببێتە هۆی پێکهێنەری شۆرشێکی کۆمەڵایەتی بەرین کە رژێمەکانی سەردەست بەسەر ئێران ناچار بکات بۆ هەڵبژاردنی رێگای دیالۆگ بۆ چارەسەری پرسی کورد یا خود راکشانی پشتیوانی نێودەوڵەتی لە مەڕ ئەو جۆڵانەوەیە.

    جۆڵانەوە زاراوەیەکە لە رووی ناوەرۆکەوە نزیک بە شۆرش. لە راستیدا جۆڵانەوە دەبێتە هۆی خوڵقاندنی زەمینەی پێکهێنانی ئاڵوگۆری کۆمەڵایەتی. ئەو گۆرانکاریانە دەتوانن ببنە هۆی شۆرش یان ریفۆرمی کۆمەڵایەتی. جیاوازی سەرەکی نێوان ریفۆرم و شۆرش لە شێوەی جێبەجێ کردن و ئامانجەکانیاندایە. گۆرانکاریەکانی کۆمەڵایەتی گەر بە شێوەی ئاشتیخوازانە و بەرە بەرە ئەنجام بدرێت پێی دەوترێت ریفۆرم یان چاکسازی. رەوتێک کە چەند ساڵێکە لە باکووری کوردستان رەچاو کراوە و پرسی کورد هەنگاو بە هەنگاو لە ئاستی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری و کولتووریدا بەرەوپێش دەروات. گەر ئەو ئاڵوگۆڕانە بنەڕەتی و لە گەڵ توندوتیژی بە ئەنجام بگەن دەبێتە شۆرش. لە روانگەی بزاڤی نەتەوایەتیدا، ئامانجی ئاڵوگۆرەکان چ بە شێوەی شۆرش بن چ بە شێوەی چاکسازی کۆمەڵایەتی – سیاسی ، خاوەنی یەک ئامانجن: ئاڵوگۆری بنەڕەتی بنەماکانی پێوەندیەکانی کۆمەڵایەتی – سیاسی و دابەشکردنی سیستەمی دەسەڵاتی ئێستا لە ئێران لە سەر بنەمای بەها دێموکراتیک و مرۆڤییەکان. بوونی جۆڵانەوە و سەرهەڵدانە جۆراوجۆرەکان یەکێک لە هۆیەکانی لاوازبوونی دەسەڵاتی ناوەندین. لە لایەکی دیکەوە دەسەڵاتی رەها و سەرکوتی هەر جۆرە خۆپێشاندان و جۆڵانەوەیەک لە لایەن حکوومەتی ناوەندیدا دەبێتە هۆی پێکهێنانی سەقامگیریەکی رواڵەتی و دوور کەوتنی خەلک لە حکوومەتەکان. ئەمەش دەبێتە هۆی پێکهێنانی زەمینەی شۆرشێکی گەلی لە جۆری شۆرشی 1979ی گەلانی ئێران و رووخانی حکوومەتی ناوەندی.

    بە بڕوای "برووس کۆئەن " هەموو جۆڵانەوەکان لە هەلومەرجێکی قەیراناویدا دەست پی دەکەن، دوایە دۆرۆنە ناو قۆناغی نائارامی و بەهۆی نارەزایەتی گشتیەوە . قۆناغی سێهەم واتە هاندان و دەربرینی هەستی توندی خەڵک دەست پێدەکات. بەدوای ئەودا قۆناغی چوارەم واتە داڕشتنەوەی قەوارە و شێوازی رێکخراوەی دەست پێ دەکات و قۆناغی کۆتایی قۆناغی سازیبوون و دامەزراوەبوونی رێکخراوەیی دەست پێ دەبێت. گەر بێتو جۆڵانەوە بتوانێت لە راکشانی لایەنگر و پشتیوانی گشتی دا سەرکەوتوو بێت، دەتوانێت ببێتە جۆڵانەوەیەکی گشتی و جۆرێک لە دیوانسالاری لە ناو جۆڵانەوەدا پیک دێت"[i]. بەو پێیە جۆڵانەوە بریتیە لە گرووپێکی رێکخراو لە ئەندامان و لایەنگران بە ئامانجی بەرگری لە بیروباوەڕ و بەها و بایەخەکانی هاوبەشی دەستەکە بۆ گەیشتن بە ئامانجە دیاری کراوەکانی وەک بەدەست هێنانی مافی نەتەوایەتی، گۆڕانی پێوەندیەکانی کۆمەڵایەتی، ئازادی خوازی و هتد، لە پێناو پێشکەوتن و گەشەکردنی خۆیدا هەوڵ دەدات و بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی رێکخراو کۆمەڵگا بگۆرێت. هەموو جۆڵانەوەیەک سەرکەوتوو نابێت و ئامانجی جۆڵانەوەکان بە پێی سەردەم دەتوانێت ئاڵوگۆری بەسەردا بێت.

    بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێناسانە هەوڵ دەدەین بە لێکدانەوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێناسەیەکی بۆ دیاری بکەین و هۆیەکان و کێشەکانی ناوخۆیی حیزب لە روانگەی ستراتژیک، بەرێوەبەری و پێویستی گەشەسەندنی دووبارەی جۆڵانەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان شی بکەینەوە.

    ئار.چی. تاونی[1] دەڵێ: رابردوو شتێک بۆ ئێستا ئاشکرا دەکات بۆ ئەوەی ئێستا بتوانێت رابردوو وێنا بکات." هەرچەند ئەو وتەیە پێوەندی بە مێژووی ئەورووپاوە هەیە، بەڵام ئەو وتەیە بۆ تێگەیشتن لە مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش بەکەڵکە. یەکەم نەوەی دامەزرێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان کە دوای بیست و پێنجی گەلاوێژی 1324 (1945)دا ئاوریان لە ڕابردوو دەدایەوە، لە ڕابردوودا بێژگە لە شکستی یەک لە دوای یەکی شۆرش و سەرهەڵدانەکانی کورد شتێکیان وەدی نەدەکرد. نەوەی دووەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە دوای شکستی کۆماری کوردستان و پاشەکشی ساڵی 1946، بە زۆری لە ئاوارەیی دەژیا و نەوەیەک بوو بەسەر دوو بەرەی سۆسیالیستی و لایەنگری حیزبی توودەی ئێران و ناسیۆنالیستی و لایەنگری مەلا مستەفا بارزانیدا دابەش ببوو. ئەم دابەشبوونە شوێندانەر بوو لە سەر گەشەسەندن و سەرهەڵدانی کێشە ناوخۆییەکانی حیزبی دێموکرات و پرسی ناسنامەیی ئەو حیزبە لە دەیەکانی خەباتی نهێنی ئەو حیزبە. نەسڵی سێهەم ئەو نەسڵەیە کە لە سەرەتای شۆرشی ساڵی 1979ی ئێرانەوە تا ئەمرۆ بڕبڕەی پشت و بڕیاردەری سەرەکی رێکخراوەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لایەنە جیابووەکان لەو حیزبە بوون. نەوەی سێهەم کە دەتوانین بە بەرەچەی خەباتی چەکداری ناوی ببەین، رەوتی سیاسی و کلتووری حیزبی، هاوکات لە گەڵ شەڕی چەکداری فێربوو و ئەمەش شوێندانەر بووە لە سەر گەشەسەندنی فەرهەنگی حیزبی لە رێکخراوێکی سیاسی و تەشکیلاتیەوە بەرەو رێکخراوێکی چەکداری و سیاسی. ئەو نەوەیە سەرەرای چوونەسەری تەمەنی هەروا پێداگرە لەسەر بەرێوەبردن و بڕیارە سیاسییەکانی حیزبی دیموکرات. نەوەی چوارەم نەوەیەکە دوای پاشەکشی شەڕی چەکداری و لە دەسپێکی هەزارەی نوێوە هاتووە ناو حیزبی دێموکرات. ئەو نەوەیە سەرەڕای ئەوەی کە لە رووی رێژەییەوە ئاستی خوێندەواری و شارەزایی و پسپۆری لە نەوەی پێشووی خۆی زیاترە بەهۆی فەرهەنگی داخراوی کە دەرهاویشتەی سیستەمی سانترالیزمی دێموکراتیک و هەروەها بەهۆی رەوشی سیاسی و کۆمەڵایەتی زاڵ بەسەر حیزبی دێموکرات لە باشووری کوردستان، نەتوانراوە لە تواناکانی بەشێوەیەکی بەهینەیی کەڵک وەرگیرێت و ناچار بەشێکی زۆری رووی لە هەندەران کردووە و بە هۆی نەبوونی وێکگەیشتنی رێکخراوەیی، سیاسی – کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی لە رێکخراوەکانی حیزبی پەراوێز خراون. نەوەی پێنجەم ئەو نەوەیەیە کە پێبەپێی گەشەسەندنی تۆرەکۆمەڵایەتیەکان و لەرێگای تۆرەکانی راگەیەنە گشتیەکانەوە بزاڤی نەتەوایەتیان ناسیوە و هەڵبژاردە و بەشداریان لە خەباتی حیزبی دێموکرات دا تەنیا بە هۆی پێوانەکانی پێوەندیەکانی کۆمەڵایەتی و بنەماڵەیی نەبووە، بەڵکوو بەهۆی بایەخەکانی ئەو تاکانەوە بووە کە حیزبی دێموکراتیان هەڵبژاردووە. ئەوانە لەکاتێکدا هاتوونە ناو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کە بەپێچەوانەی دەیەی 1980ی زایینی حیزبی دێموکرات نە تاکانە حیزبی گەورەی کوردستان و نە تەنیا فاکتۆری سیاسی بەهێز لە کوردستانە. بۆیە هەڵبژاردنی حیزبی دێموکرات بۆ ئەوانە جیا لە پرسی نەتەوایەتی و دروشمەکانی سیاسی ئەو حیزبە پرسێکی پێوەندیدارە بە بەهاکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەو حیزبەوە.

     


    [1] R.H. Tawney, Religion and the Rise of Capitalism, New York, 1926, p. 3.

     


    [i]  کوئن بروس (1375)، مبانی جامعەشناسی ترجمە توسلی غلامعباس، فاضل رضا، تهران، سمت ، لاپەرەی 4 بۆ 5