دەربارەی ئێمە: 

ماڵپەری دیپلۆماسی کوردستانی کرانەوەی دەروازەیەکی نوێیە بۆ ئەو کەسانەی خولیای تێگەیشتن و لێکدانەوەی سیما، رەفتار و سیاسەتی کوردستانیان لە جیهانی دەرەوە هەیە. هەموو ئەمانە لە خانەی دیپلۆماسی کوردستانیدا خۆی دەبینێتەوە. دیپلۆماسیەک کە ئەگەر لە چاوی دەوڵەت- نەتەوەوە چاوی لێبکەین، دیارە کورد تێدا جێگای نابێتەوە. بەڵام لەگەڵ گۆڕانەکان لە جیهانی دیپلۆماسی کە خۆی لە گۆڕان لە ئاستی جیهانیدا دەبینێتەوە، مەودایەک بۆ کوردیش کراوەتەوە یان هەیە کە تەماحی دیپلۆماسی خۆی بە جیهانیان پێشان بدات. دیتنەوە ئەوەی کە رێچکەیەکی یەکانگیر یان بەیەکەوە گرێدانێک لە نێوان رەفتار و سیاسەتی کورد لە دەرەوە هەبێ، زۆر ئەستەمە یان زحمەتە دیتنەوە. بەڵام لە وێستگە جیاوازەکاندا هەر بەشێکی کوردستان بە جیا لە هەوڵی ناساندنی خۆی و دۆزی کوردی بە جیهانی بووە. بۆیە لەم ساتە میژوییەدا کە هەموو بەشەکانی کوردستان بەشێوازی جۆراوجۆر چالاکن، سیمای ئەم چالاکیانە لە جیهانی دەرەوەش دەتوانین ڕەچاو بکەین. بۆیە پێدەچێ ئێستا کاتی ئەوە پرسیارە بێ کە ئاخۆ دەکرێ، خوێندنەوە لە سەر دیپلۆماسی کوردی بکەین؟

لە سەر ئەساسی ئەم پرسیارە ماڵپەڕی دیپلۆماسی کوردستانی هاتۆتە گۆڕەپانەکەوە، تاکوو بتوانێ سەکۆیەک بێ بۆ گەیاندنی و خوێندنەوەی رەفتار و سیاسەتە دەرەکییەکانی کورد لە پانتای سیاسەتی ئەمرۆی جیهانی. لەم ڕەهەندەوەیە کە دەتوانین چەن هۆکار وەک پاڵنەری سەرەکی هاتنە ئارای ئەم مالپەرە بخەینە بەرباس:

  • سازکردنی هەلومەرجێک کە بۆ ئەو کەسانەی کە خۆیان بۆ بواری دیپلۆماسی یان لە بوارێكی فراوانتر واتا پەیوەندی نێودەوڵەتی تەرخان کردووە، تاکوو لە رێگەی ئەم ماڵپەڕەوە لێکدانەوە و بیروبۆچوونەکانی خۆیان بخەنە بەرباس
  • سازکردنی ئەو وێنایە کە دەتوانرێ دیپلۆماسییەکیش بە ناوی دیپلۆماسی کوردستانی بوونی هەبێ
  • کۆکردنەوە ئەو بابەت و زانیارییە بەربڵاوانەی کە لەم بوارە رۆژانە لە شوێن جیا جیاکاندا دەخرێنە بەرباس
  • پەنجەدانان لە سەر خاڵی بەهێز  و لاوازی کوردستان لە ئاستی جیهانی دەرەوە
  • دەسپێکی سەرەتایەک تاکوو لەو رێگەوە دیپلۆماسی کوردستانی ببێتە رۆژڤی باسوخواستەکانی بەردەنگی کوردستانیەوە
  •  

    پێدەچێ پرسیاری ئەوە بێتە ئاراوە کە بۆ دیپلۆماسی کوردستانی بە جێگای دیپلۆماسی کوردی بەکار هاتووە؟ وڵامی ئەم پرسیارە ئەوەیە کە تەنها کورد نیە خاوەنی کوردستانە، بەڵكوو کۆمەڵە شوناس و ناسنامەیتریش لە کوردستان بوونیان هەیە کە ئەم ناسنامانەش بەشێکن لە ناسنامەی کوردستانی ، بۆیە هەمووان هاوڵاتی کوردستانن. بۆیە لێرەدا بەکارهێنای کورد هەڵەیە، دیارە کورد زۆرینەی دانیشتوانی کوردستان پێکدەهێنێ، بەڵام هەمووی ئەو دانیشتوانە نیە. هەروەها کورد تەنها ناسنامەی بەشێک لە دانیشتوانی کوردستانە.  بۆیە لێرەدا کوردستانی ناسنامەیەکی فراوانە کە هەموو هاوڵاتیان دەگرێتەوە. بۆیە پێدەچێ کە ئەم هاوڵاتیانە بە شێوەی جیاواز بەشداری ئەم دیپلۆماسییە بن یان خۆیان کاراکتەری ناوی ئەم دیپلۆماسییە بن.

    چۆنیەتی کارکردنی ماڵپەرەکە:

    ئەم ماڵپەرە مەکۆیەک نیە بۆ گواستنەوەی هەوال، بەڵکوو زیاتر مەکۆیەکە بۆ لێکدانەوە و شیکردنەوە. هەرچەن لە ماڵپەڕەکەدا بەشی هەوڵ هەیە. ئەم هەواڵانە تەنها پەیوەستن بە بواری دیپلۆماسی لە ئاستە جیاوازەکان. بەڵام نابێتە تەماحی سەرەکی ماڵپەڕەکە. کە واتە پێگەیەک دەبێ کە قورسایی خۆی لە سەر لێکدانەوە و شیکردنەوە دادەنێ، تاکوو لەم رێگەوە دووڕەڕوانێکی فروانتر لە سیاسەتی نێونەتەوەی ببەخشێتە خوێنەرانی.

    کارکردن لە ماڵپەڕە بەشێوەی خۆبەشە تاکوو ئەم کاتە کە ئەم نوسراوە دەخوێنرێتەوە. چونکە مەیلی بەرێوەبەرانی ئەم ماڵپەڕە بەرەو ئەو لایەیە کە بتوانێ سەرچاوەیەکی مادی بۆ بدۆزرێتەوە، تاکوو یارمەتیدەری بەرێوەبەرانی و نوسەرانی بێت. بەڵام هەر وەک ئاماژەمان پێدا لە ئێستادا هیچ ئیمکانێکی مادی نیە، تاکوو بەرانبەر بە بڵاوکراوەکان پاداشێک بدرێت. بۆیە دەمێنێتەوە یارمەتی خۆبەخشانەی ئەو کەسانی کە هیوای پەرەپێدانی ئەم بوارەیان هەیە.

    لە بواری سیاسییەوە ئەم ماڵپەڕە تەنها وەفاداری بە بەهای نیشتمانی و ئینسانییەکان هەیە. بۆیە نابێتە پێگەیەک بۆ دژایەتی بەرانبەر بە کەس، بێژگە لەوەی کە بتوانێ لە روانگەیەکی نیشتمانیانەوە خوێندنەوە بۆ بابەتە دیپلۆماتییەکان بکات و خوێنەرانی کوردی لێ ئاگادار بکاتەوە. هەڵەیە کە ئەگەر بوترێ کە بەرێوەبەرانی ئەم ماڵپەڕە هیچ سۆزی سیاسی یان ئارەزووی سیاسی تایبەت بەخۆیان نیە. بەڵام پرنسیپی سەرەکی ئەوەیە کە خۆی لە دیالۆگی لاوکی بپارێزی و پاڵ بداتە پرسە ستراتژیکییەکان کە کۆڵەکەی دیپلۆماسییە.

    بەشە جیاوازەکانی ماڵپەڕەکە:

    پرسەکانی رۆژ

    ئەم بەشە لە راستیدا کاکڵەی سەرەکی ماڵپەڕەکە پێکدێنێ. چونکە لەم بەشەدایە کە لێدانەوەکان لە سەر ئەو پرسە گرینگانە بڵاو دەبێتەوە کە لە ئاستی کوردستان، ناوچە و بواری نێونەتەوەی دێنە ئاراوە. ئەم بەشە دەتوانێ بابەتی وەرگێراوە و نوسراو لە خۆی بگرێ. بۆیە بەشێکە کە تێدا سیمای دیپلۆماسی لە ئاستی نێونەتەوەی بە کوردستانیشەوە دەخرێتە بەر باس. هەرچەن بابەتەکانی پەیوەست بە بەشەکانیتریش دەتوانێ لەم بەشەدا دابنرێت. بەڵام تەنها بۆ بەرجەستەکردنەوەیە. بەڵام لێکدانەوە و شکردنەوەکان حەتەمەن لەو بەشەدا جێگایان دەبێتەوە.

    دۆسییە:

    لە ماڵپەڕەکەدا هەر جارەو دۆسییەیەک دەبێت بۆ تیشک خستنەی سەری. ئەم دۆسیانە لە لایان بەرێوەبەرانی ماڵپەڕەکەوە دەسنیشان دەکرێن. بەڵام بەدڵنیایەوە ئەگەر پێشنیاری دۆسییەکە بکرێت لە لایان خوێنەر و نوسراونی ئەم ماڵپەڕە، جێبەجێ دەکرێت. چونکە ئەو دۆسیانە بەشێوەی جیاواز و لە ڕەهەندی ستراتژیکەوە پەیوەستن بەوەی لە کوردستان دێتە ئاراوە یان بوونی هەیە.

    پرۆژە:

    یەکێکیتر لەوە بەشانە کە جێگای ئاماژە پێکردنە، پرۆژەیە. ئەم بەشە هیوا و خولیا بەرێوەبەران ونوسەرانی ئەم ماڵپەڕە دەگرێتەوە کە تەماحی ئەوەیان هەیە یان دەبێ کە کارێکی گشتی بگرێت. واتا پرۆژە یان کۆمەڵە پرۆژەیەک ببینرێتەوە تاکوو کاری زانستی لە سەر بکرێت. بەلەر هەر لایانێک بەرێوەبەرانی ماڵپەڕەکە خۆیان بەرپرسیار دەزانن سەبارەت بەم بەشە. بۆیە لە هەوڵێکی بەردەامدا دەبن کە کۆمەڵە پرۆژەیەک لە زەمەنی جیاواز دەستەبەر بکەن و رایبگەیەنن کە ئاخۆ کەس یان کەسانێک بوونیان هەبێ بۆ ئەوەی کار لە سەر ئەو پرۆژانە بکەن. دیارە کار لە سەر پرۆژە بە بێ بەرانبەر ناکرێت. بەڵام ئەمە پێویستی بەوە هەیە کە لایانێک هەبێ کە پرۆژەیەکی دیاریکراوی هەبێ تاکوو توێژینەوەی لە سەر بکرێت. لێرەوەیە کە لە هەوڵدا دەبین کە ئەم بوارەش چالاک بکرێت.

    کتێب:

    ئەم بەشە بۆ ئاوڕدانەوە لە سەر ئەو کتێبانە دەبێ کە کە پەیوەستن بە سیاسەتی نێونەتەوەی و ئەو کتێبانەی کە سەبارەت بە کورد بڵاو دەبنەوە. بۆیە هەوڵدەدرێت کە هەر جارەو رێڤیۆیەک یان پێداچوونەیەک لە سەر ئەو کتێبانە بڵاو بکەیەنەوە. ئەمە دەتوانێ یارمەتیدەری ئەو کەسانە بێ کە لە بوارانەدا خەریکی توێژینەوەن یان کار دەکەن.

    توێژینەوەی ئەکادمییەکان:

    ئەم بەشە هەوڵی کۆکردنەوەی ئەو توێژینەوانە دەدات کە لە کوردستان و دەرەوە سەبارەت بە کورد لە جیهانی سیاسەتی نێونەتەوەی دەنوسرێن. بۆیە زۆرتر وەک ئەرسیڤی ئەو توێژینەوانە دەمێنێ تاکوو ماڵپەڕەکە بتوانێ یارمەتیدەری ئەو توێژەرانەی کە لەو بوارە کار دەکەن. بۆیە سیمای کتێبخانەیەک بەخۆیەوە دەگرێ.

     

    پیدەچێ کە ئەو بەشەکانیتر لای خوێنەران دیار بێ کە بۆ چ مەبەستێکە. بۆیە پێویست بە روونکردنەوە ناکات.

    لە بەشی مۆلتیمدیایشدا هەوڵی ئەوە دەدرێت کە ئەوەی پەیوەستە بە بواری دەنگ و ڕەنگەوە لە بواری سیاسەتی نێونەتەوەی و کوردستانی بڵاو بکرێنەوە. پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە لە بەشی دەنگ ئێوە دەتوانن گوێتان لەو چاوپێکەوتنانە بێ کە ماڵپەڕەکە ئەنجامیان دەدا ئەگەر بە دەنگ یان بە رەنگ بێ.

    لە کۆتایدا ئەوەی دەمێنێتەوە بگوترێ، ئەوەیە کە ئەم ماڵپەڕە لە سەر هەوڵ و تەقالای کۆمەڵە کەسانێک ڕاوەستاوە کە بە قەڵەم و بە بیر ستراتژیک دەفکرن بەرانبەر بە پرسە گرینگەکانی کوردستان و جیهان. لەم ڕەهەندەوەیە کە هەوڵی گەیاندنی هەمام پەیامیش بە خوێنەرانی دەدات. کە واتا هەموو لێکدانەوەیەک لێرەدا جێگای نابێتەوە، بێژگە لەو لێکدانەوانە کە وێنای لێکدانەوەیان هەیە، نەک تەنها هەست یان حەزێک.

    هیوادارین کە ماڵپەڕەکە لە چاو تەماحی خوێنەرانیدا بێ. بەو مانایە کە قورسای خۆی لە پانتای دیپلۆماسی کوردستانی و لێکدانەوەی پێشان بدات. بۆیە لێرەوە داوا لە هەموو نوسەر و لێکۆڵەر خاوەن قەڵەمەکان دەکەین کە لەم کارەدا هاوکارمان بن. تاکوو بتوانین رۆڵێکی ئەرێنیمان لە سەر پانتای لێکدانەوەکان لە کوردستان هەبێ. لەهەمانکاتدا بتوانێ جۆرێک لە رێکچە شکێنی لە بواری دیدی کورد بەرانبەر بە سیاسەتی نێونەتەوەی بێنێتە کاییەوە. دیارە کارێکی قورسە، بەڵام ئەگەر لە ئاست تواناییەکانی کۆمەڵگای کوردییەوە سەیری بابەتەکە بکەین، ئەم کۆمەڵگا خاوەن ئەوندە توانای مرۆییە کە دەتوانێ هەزاران ماڵپەڕ و ناوەندی پەیوەست بەم بوارە وەگڕ بخات.

    تێبینی: هەموو کەسێک مافی بەکارهێنانی بابەتەکانی ئەم ماڵپەڕەی هەیە، بەو مەرجەی کە ئاماژە بە ناوی ماڵپەڕەکە بکات وەک سەرچاوەی بابەتەکە.

     

    دەستەی بەرێوەبەری ماڵپەڕی دیپلۆماسی کوردستانی